21/10/2018
instagram.com/z_r_e_b_a_r
دەقی تەواوی بابەت بخوێنەوە
«زرێبار»شوناسێکی دێرێنی ئەم هەرێمە . نوسینی: ئەنوەر رەوشەن
http://www.tamtuman.blogfa.com/post-8.aspx
«زرێبار»شوناسێکی دێرێنی ئەم هەرێمە
ئەنوەر رەوشەن
پێشەکی:
لە مێژ ساڵە شەپۆلە ناسکەکانی دەریاچەی زرێبار بسکی ئاڵۆزی مێرگەکانی دەشتی مەریوان نەوازش دەکەن.سروەی فێنکی زرێبار لە گەڵ جوانی دیمەنە ڕەنگاوڕەنگەکانیا دڵی هەر رێبوارێکی ماندوو دەڕفێنێ و شەیدای ڕوخساری تەڕ و پاراو و بۆن و بەرامەی هەست بزوێنی خۆی دەکا. دیمەنە سێحراویەکانی زرێبار بە درێژایی مێژوو خەڵکی تووشی ڕامان کردووە و چۆنیەتی درووست بوونی ئەم دەریاچەیەش کە هیچ چەم و ڕووبارێکی گەورەی تێ نارژێ لێیان بووە بە مەتەڵێک و هەمیشە زەینیانی بە خۆیەوە خەریک کردووە .زرێبار کە بە وتەی پسپۆڕان گەورەترین چاووگەی سروشتی جیهانە مێژووی درووست بوونی دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی سێهەمی زەوی ناسی و هاوکاتە لە گەڵ ئاخرین دەورەی پێک هاتنی زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس. ئەم دەریاچەیە هەزاران ساڵە ژیان و ئاوەدانی بە مەریوانی سەرسەوز بەخشیوە و هەمیشەش چاوی لە چارەنووسی خەڵکی ئەم هەرێمە بووە و شەریکی خۆشی و ناخۆشیەکانیان بووە و هەروەک میراس و کەلەپوورێکی پڕبایەخ بەشێک لە شوناسی خەڵکی لە دڵی خۆیدا پاراستووە.هەر بۆیە زرێبار لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆریکی ئێمەدا دەورێکی فراوانی گێڕاوە و بووە بە سەرچاوەی خولقاندنی پەند و گۆرانی و بەیت و ئەفسانە و ئێمەش لەم وتارەدا بە کورتی ئاوڕێکیان لێ دەدەینەوە .
1- لێکدانەوەی وشەی زرێبار:
وشەی«زرێبار»کە ئەمڕۆ خەڵک ئەم دەریاچەیەی پێ ناو دەبا باس لە مێژینەیی بوونی خۆی دەکات. ئەم وشەیە کە لە دێرین زەمانەوە لە لایەن دانیشتوانی دەشتی مەریوانەوە بەم دیاردە سروشتیە وتراوە کۆن بوونی ژیانی نەتەوەیەکمان بۆ ئاشکرا دەکات کە هەزاران ساڵە لە دەوروپشتی ئەم دەریاچەیەدا ژیاوون و «زرێبار» بووە بە بەشێک لە شوناسیان و هەمیشە سووچێک و کەلێنێک لە بیر و زەین و دڵ ودەروونیانی تەرخان کردووە .هەر وەک دەبینین لە ئەفسانە و بەیت و باو و گۆرانیە فۆلکلۆریکەکانی خەڵکی مەریوان و لە شێعری شاعیرانی کۆن وتازەی ئەم هەرێمەدا پەیتا پەیتا وشەی«زرێبار» خۆی نواندووە.
مامۆستا محەمەدی خاڵ لە فەرهەنگەکەیا سەبارەت بەم وشەیە دەنووسێ:«زرێبار بە زەمینێک دەوترێ کە ڕۆ چوو بێ و بووبێ بە دەریاچە»(فرهەنگی خاڵ. بەرگی2. لاپەڕەی217) ئەم وتەیەی مامۆستا خاڵ بۆ ئەم دیاردە سروشتیە ئەمڕۆش لە لایەن زەوی ناسەکانەوە بۆ ناساندنی زاراوەی زانستی «گرابن» بە کار دەبرێ.
بەڵام خودی وشەی زرێبار کە وشەیەکی لێکدراوە لە دوو بەشی « زرێ+بار » پێک هاتووە.بەشی یەکەمی ئەم وشەیە واتە « زرێ » لە هەموو فەرهەنگە کوردیەکاندا بە مانای زەریا و دەریا هاتووە.سەرەڕای ئەمەش لە زمانە کۆنە ئێرانیەکاندا بە تایبەت لە زمانی پالەویدا «زرێ» هەر بەم شێوازەی نێو وشەی زرێبار بە مانای دەریا هاتووە .بەشی دووهەمی ئەم وشەیەش واتە « بار » ئەتوانێ لە پاشگرە کۆنەکان بێ کە لە زمانی کوردیدا مانای جۆراوجۆری هەیە. بۆ وێنە:بە مانای « ڕۆخ و قەراخ » لە وشەی «ڕووبار»دا کە دەبێتە «قەراخی چۆم» یان بە مانای«وەک» کە هەر لەم وشەیەدا واتە « وەک چۆم» و هەر وەها مانای «تەشک، شکڵ و شێوە»ش دەدا لە وشەی «نابار»دا کە بە مانای « بەد تەشک و بەد شکڵ » و لە وشەی«لەبار»یشدا بە مانای «شێوە جوان»ە.
فەرهەنگی عەمیدی فارسیش سەبارەت بە پاشگری «بار»دەنووسێ:«بار:(پهلوی-bār )لە پاشگرەکانە کە لە کۆتایی هەندێ لە وشەکاندا دێ بە مانای ڕۆخ و قەراخ و جێگای چڕ و پڕ و زۆری و فراوانی شتە لە وشەگەلی جویبار،دەریابار،روودبار،زەنگ باردا»(فرهنگ عمید.ج1.ێ292 )
بە پێی ئەو شتانەی کە باس کرا وشەی لێکدراوی«زرێبار» بە مانای (شێوەی دەریا) یان (وەک دەریا)یە. دیاکۆنۆف لە کتێبی مێژووی ماد دا ئاماژە بە دەریاچەیەک دەکات بە ناوی زریبۆر Zeribor ئەم ناوە ئەتوانێ شێوازێکی کۆنی وشەی زرێبار بێ کە دواتر باسی لە سەر دەکەین. لە نێو خەڵکی نەخوێنەواری مەریواندا بۆ مانای وشەی زرێبار دەڵێن: لەو شارەی کە بووە بە ژێر ئاوەوە خەڵک زرێ و ئاسنیان کڕیوە و باریان کردووە بۆیە پێیان وتووە زرێبار.یان دەشڵێن وشەی زرێبار لە ئەسڵدا «زەلەبووار» بووە کە دوواتر گۆڕاوە و بووە بە زرێبار. هەروەها بە داخەوە ئەمڕۆ لە خەریتە فەرمیەکانی ئێران و لە نووسراوەی دایرە حکومیەکاندا لە باتی وشەی «زرێبار» زریوار دەنووسن و تەنانەت بە بێ هیچ شارەزاییەکی زمانەوانی دەڵێن «زەریوار» یانێ وەک زەڕی وایە واتە زەرد و ئاڵتوونیە کە ناڕاستە . کۆنترین و تەنیا وشەیەک کە لە مێژەوە لە لایەن خەڵکی ئەم هەرێمەوە بەم دەریاچەیە وتراوە «زرێبار»بووە و گۆڕینی ناوەکەی بۆ «زەریوار» لە سەردەمی ڕژێمی پالەوەیدا ڕوویدا و تەنانەت هەندێ جاریش لەو ڕژێمەدا لە خەریتە و نووسراوەکاندا لە باتی زرێبار دەریاچەی «ئاریامێهر»یان دەنووسی کە ئەمە سڕینەوەی وشەیەکی کۆن و ڕەسەن بووە و کارێکی هەڵە بووە .هەروەها چەن ساڵ لەوە پێشیش دوای ئەوەی لە لای ماشەکەوە لە بەر ئاوی زرێباردا سەدیان بەست لە نووسراوە فەرمیەکاندا لە باتی نووسینی « دەریاچەی زرێبار» بۆ ناوی ئەم دیاردە سرووشتیە نووسیبوویان سەد و ئاوبەندی زەریوار بەو مانایە کە ئەم دەریاچەیە شتێکی ناسرووشتی و دەسکردە و سەدەکە هۆکاری درووست بوونی ئەم دەریاچەیە بووە .کە ئەمەش لە ڕاستی بە دوورە و کارێکی چەواشە کارانەیە.
2- ئەفسانەی زرێبار:
هەڵکەوتنی دەریاچەی زرێبار لە دەشتی مەریواندا بە درێژایی مێژوو دەیان پرسیاری سەبارەت بە چۆنیەتی درووست بوونی ئەم دیاردە سرووشتیە لە مێشکی دانیشتووانی ئەم ناوچەیەدا پێک هێناوە.لە ڕابردوودا دانیشتوانی دەورووپشتی زرێبار بۆ وڵامی پرسیارەکانیان ئەفسانەیەکیان خولقاندووە کە وەک هەموو ئەفسانەکانیتری مرۆڤ کۆمەڵێک هێما وئاوات و ئارەزووی ڕاستەقینەی مێژوویی لە دوو توێی خۆیدا شاردوەتەوە.ئەفسانەی دەروێش یان شاری فەیلەقووس ئەفسانەیەکی پێشینیانە کە سەبارەت بە زرێبار لە مەریواندا هەیە و لە پاش تێپەڕینی هەزاران ساڵ سینگ بە سینگ هاتووە هەتا گەیشتووە بە نەوەی نوێ.ئەم ئەفسانە داستانی چۆنیەتی درووست بوونی زرێبارمان لە ڕوانگەی باو باپیرانمانەوە بۆ دەگێڕێتەوە.لەم ئەفسانەیەدا باسی شارێک دەکرێ کە ڕۆ چووە و بووە بە ژێر زرێبارەوە . ناوی حاکمی زاڵمی ئەو شارە «فەیلەقووس»بووە کە زوڵم و زۆری کردووە و لە ئاکامدا بە دۆعای دەروێشێک ئەو شارە و پاشا زاڵمەکەی نووغرۆ دەبن و دەبن بەژێر ئاوی زرێبارەوە.پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە خەڵکی ناوچەکە ئەم ئەفسانەیە بە چەندین جۆر دەگێڕنەوە کە لە هەموویاندا باسی دەروێشێ دەکەن کە لەو شارەدا زوڵمی لێ کراوە و دەروێشیش دۆعا لە زاڵمانی ئەو شارە دەکات .ئێستاش قەبرێک لە بەرزاییەکی لای باکووری ڕۆژهەڵاتی زرێباردایە کە دەڵێن قەبری ئەو دەروێشەیە کە ئەو دۆعایەی کردووە .
کۆنترین سەرچاوەیەکی خۆماڵیش کە ئەم ئەفسانەیەی بە شێوەی نووسراو تیا تۆمار کراوە کتێبی (سراج الگریق) ی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر موسەنیفی چۆڕیە کە چوارسەد و پەنجا ساڵ لەوە پێش نووسراوە.مامۆستا لە بەشی سی وچوارەمی ئەم کتێبەدا کە باسی چۆنیەتی دۆعاکردن و ڕێ و ڕەسمەکانی دەکات. دەقی ئەم ئەفسانەیە لە کتێبی (مکارم الاخلاق)ی ئیمام جەعفەری سادق دێنێتەوە و ئاوا دەنووسێ:
« ئیمام جەعفەری سادق لە کتێبی مەکارەمی ئەخلاق دا دەڵێ کابرایەکی مەجووسی واتە ئاگرپەرەس ژنەکەی سوار کەرەکەی دەکات و دەیهەوێ لە پردێک بپەڕێتەوە کە باجگرێک ڕێی پێ دەگرێ و داوای باجی لێ دەکا و دەڵێ پێنج درهەمم بدەرێ و لە پردەکە بپەڕێنەوە،مەجووسیەکە دەڵێ پێنج درهەمم نیە،باجگیری حکومەت پێی دەڵێ چوونکا پێنجت نیە ئێستا ئەبێ حەوت درهەمم بدەیتێ ،مەجووسی دەڵێ من کە پێنج درهەمم نیە جا حەوت لە کوێ بێنم .باجگرەکە خێرا کلکی کەرەکەی ئەبڕێ پێ دەڵێ دەی ئێستا بڕۆ ،کەریش لە تاو ئێش و ترس هەڵدەخاتەوە و ژنی کابرا دائەخا. ژنەش کە دووگیان دەبێ کوڕێکی لە بار دەچێ ، مەجووسی بەو کارە زۆر دڵتەنگ و عاجز دەبێ و دەڵێ لە دەس ئەم زوڵمە هاوار بۆ کوێ ببەم؟ دەڵێن بڕۆ بۆ لای میری شار.مەجووسێ سکاڵای خۆی دەباتە لای میری شار و باسی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە.میر پێی دەڵێ خەفەت مەخۆ کەرەکەت بدە بە باجگرەکان با بێگاری پێ بکەن هەتـا کلکی دەڕوێتەوە ، ژنەکەشتیانی بدەرێ با سکی پڕ کەنەوە بۆت و ئیتر تۆیش بەم شێوەیە لە شپرزەیی و عاجزی نجاتت دەبێ.مەجووسی زۆر دڵشکاوانە و بە عاجزی لای میری دێتە دەرێ و دەچێتە دەرەوەی شار ڕوو لە ئاسمان دەکات و دەڵێ: خواوەنا ئا ئەمە حوکم بوو کە میری ئەو شارە کردی .ئەگەر تۆ بەمە ڕازیت من لە خوای خۆم واتە لە تۆ بێزارم و ئەگەریش تۆ بەمە ناڕازیت کارێ بکە هەتا بۆ من دەرکەوێ کە تۆ حەقی و حوکمی تۆیش حەقە.چوونکە مەجووسی ئەم دۆعایەی لە قووڵایی دڵ و بە هەست و سۆزێکی تایبەتەوە کرد خێرا خوا لێی قەبووڵ کرد.چاوی کردەوە سەیری کرد سوارێک لە لای وەستاوە و پێی دەڵێ ئەی مەجووسی سەیری ئەو شارە بکە .کاتێ کە تەماشای کرد زانی کە یەکسەر شار بووە بە دەریا .مەجووسی بەو سوارە دەڵێ تۆ کێیت؟ ئەویش دەڵێ من مەلاییکەی ئاسمانی چوارەمم و لەو کاتەدا کە تۆ بە دڵێکی گەرم دۆعات دەکرد خوا منی نارد بە هاوارتەوە هەتا تۆڵەی تۆ بکەمەوە ...» (سراج الگریق.ێ102)
لە پەراوێزی ئەو لاپەڕەیەی کە ئەو داستانەی تیا هاتووە ، لە کتێبی (ریاچ الخلود ) ی مامۆستا موسەنیفی چۆڕی نەقڵ کراوە کە لە هەندێ لە دەقەکاندا کە ئەو ئەفسانەیان باس کردووە نووسیویانە ناوی ئەو شارە سدوومی بچووک بووە و ناوی حاکمی شارەکەش کە بووە بە ژێر زرێبارەوە فەیلەقووس بووە.
3- بەیتی زرێبار:
بەیتی زرێبار کە لە لایەن بەیت بێژەکانیشەوە وتراوە گێڕانەوەیەکی تری ئەفسانەی درووست بوونی زرێبارە. بە داخەوە ئەم بەیتە ئێستا لە ناوچەی مەریوان هەر نەماوە و ڕەنگە پیر و بە ساڵاچووەکان تەنیا چەن دێڕێکیان لە بیر مابێ. مامۆستایەکی ئایینی تەمەن 90 ساڵەی گوندی خاو لە ساڵی 1372ی کۆچی هەتاوی ئەم تاکە دێڕەی ئەو بەیتەی لە بیر مابوو کە من بەم شێوەیەی خوارەوە لە زاریم بیستووە:
لە پێشا قەدیم زرێبار شار بوو خاوەن دەروازە وسێسەد مەنار بوو
بەڵام لە ساڵی 1375ی هەتاوی لە گۆڤاری سروەی ژمارە 120 دا بەیتی زرێبار بە ناوی قەڵای زرێبار بە ناتەواوی بڵاو کراوەتەو کە ئەمە چەن بەشێکی ئەو بەیتەیە :.. دەستم برد تفەنگ کارخانەی قەدیم لق و لۆق لە زێـڕ قۆنداخەکەی سیــــم
من کردم لە شان گوتم ئەڵڵا خێـــــــر ڕێم نەخەی وە ڕێی گەرمای گەرمەسێر
کردم لە شـــان و بێــــــــــشە گەڕیـــدەم پاڵ دا وە عەسر و نێچیــــــــر نەدیدەم..
شەو لە گەڵ سەنگێ لەوێم گرت قەرار ڕێــم کەوت وەڕێی دەشــــــتی زرێبــــــــار
بە تەحقیـــــــــــق زانیــــــــم کە زرێبـــــــــــــارە جێـــــگای وەحشیان دەعبــــــــای بەهارە
ئامیــــــــن ئەلفـــــــەقێ قەبرت پڕ نوور بێ ڕۆحت لە عـــــازاب قیــــــــامەت دوور بێ
من خۆش شارێ بووم لە ژوور گشت شاران بەغدا و ئیـــــــسفەهان سوودی نەداران
خۆ من شــــــارێ بووم شاری فەیلەقووس حوکمەتیـان دەکرد لە ڕۆم تا عەرووس..
چەن شاهی شاهان لە سەر تەختم بوون چەن وەستای نادر لە سەر بەختم بوون..
ڕاستە من قەدیم جێگای خانان بووم جێـــــی میر و بەگلەر پۆلی ڕەندان بووم
* * *
هەروەها من لە رادوێ سنەش بە دەنگی پیرە پیاوێکی بەیت بێژی سەقزی گوێم لەم بەیتە بووە و ئەگەر نەفەوتابێ ڕەنگە ئێستا لە ئارشیوی ڕادوێ سنە دەس بکەوێ.
4- پەندی زرێبار : پەندی «مووساییەکەی گوێی زرێبار» یەکێ لەو پەندانەیە کە لە ناوچەی مەریواندا لە کۆنەوە ڕەواجی هەیە.ئەم پەندە بۆ مرۆڤی ترسەنۆک و بێ غیرەت بە کار دەبرێ. دەگێڕنەوە گوایە لە کۆندا کابرایەکی مووسایی کاسب کە دێ بە دێ و ناوچە بە ناوچە دەگەڕا ڕێی دەکەوێتە مەریوان و بۆ کاسبیەکەی دەخوازێ بچێ بۆ گوندەکانی ئەو بەر دەریاچە،بەڵام ئەبووایە بە قەیاغ و بە سەر زرێباردا بیکردایەتە ئەو بەرەوە.ئەمیش کابرایەکی ترسەنۆک دەبێ و لە ئاو زۆر دەترسێ هەربۆیە ناوێری بچێتە سەر ئاوەکەوە و هەرچی پێی دەڵێن وئیسراری لێ دەکەن سوار قەیاغەکە نابێ و ناقیبەت هاوڕێکانی بە زۆر سواری دەکەن و لە دەریاچەکە دەیکەنە ئەو بەرەوە .کە دەگەنە ئەو بەر ئاوەکەوە کابرا لایەک دەکاتەوە و تەماشایەکی زرێبار دەکات.کاتێ سەرنج لە ئاوەکە دەدات و بیری لێ دەکاتەوە کە بە کوێدا هاتووەتە ئەم بەرەوە لە ترسا خێرا گیانی دەردەچێ و دەمرێ .هەر بۆیە ئێستاش لە مەریوان بە مرۆڤی زۆر ترسە نۆک دەڵێن مووساییەکەی گوێی زرێبار.
هەڵوێستەیەک
لە هەموو ئەم بەیت و ئەفسانە و داستانانەدا چەندین نیشانە هەن کە دەستمان دەگرن و بەرەو دەورانی دێرێنی ئەم سەرزەمینەمان دەبەن کە بریتێن لە: «شار»، «مەجووسی» ، «فەیلەقووس» و «زوڵم و زۆر».ئیمەش شوێنی ئەو نیشانانە دەکەوین و دەچین بە ناخی مێژوودا و لێیان دەکۆڵینەوە :
الف- «شار»: هەر وەک دەزانین لە ئەفسانەی زرێباردا باسی شارێک دەکرێ کە لەم ناوچەیەدا بووە و بە هۆی دۆعای دەروێشەوە بووە بە ژێر دەریاوە.
بە گەڕان بە نێو کتێبە مێژووییەکاندا لە ناوچەی سێ گۆشەی شارەزوور،هەورامان و زرێباردا ئەگەین بە چەند ناو لە دەورانی کۆندا. مامۆستا ئەمین زەکی بەگ لە لاپەڕەی 83ی کتێبی "کورد و کوردوستاندا"باسی شارە کۆنەکانی سەرزەمینی ماد دەکات و ناوی دوو شاری "هار هار" و" ئاتلیلا" دێنی کە لەو سێ گۆشەیەدا هەڵکەوتوون.هەروەها ئەم مێژوونووسە لە لاپەڕەی 90ی هەمان کتێبدا دیسان باسی هار هار دەکاتەوە و لە پەراوێزی ئەو لاپەڕەیەدا سەبارەت بەو ناوە دەڵێ:«ئەم شاری هار هارە تووشی هێرشی (سارگۆن)ی ئاکاد (قەڕنی28ی پێش زایین)بووە ناوەکەی گۆڕاوە کراوە بە کارشاروکین واتە شاری سارگۆن.ڕەنگە لە جێگەی هەڵەبجەی ئێستادا یان نزیک لەوێ بووبێ.»
مامۆستا ڕەشیدی یاسەمی لە لاپەڕەی 54ی کتێبی (کرد و پیوستگی های نژادی و تاریخی او)دا لە بارەی ئەم ڕووداوەوە ئاوا دەنووسێ:لەم کاتەدا(ساڵی 722 پێش زایین)ئاشوور لە لایەن دەوڵەتی هالدیاوە بە توندی زۆری بۆ دێ ئەوانیش بۆ بەرنگاری لە خۆیان هەرێمی پارسواش پەرە پێ دەدەن .شەش ناوچەی لێ زیاد دەکەن یەکێ لە گۆڕانکاریەکانیان ئەوە بوو کە ناوی شاری هار هار (لە باشووری دەریاچەی زرێبار)دەگۆڕن دەیکەن بە کارشاروکین.ئەوێ دەکەن بە ناوەندێکی گەورەی دەسەڵات و کاتێ سپای ئاشوور لە شارەزوورەوە دەگاتە ئەو ناوچە، هەرێمی ئێڵ پی یش (نێوان کرماشان و هەمەدان)دەسەڵاتی ئاشوور قەبووڵ دەکات و 12 کەس لە گەورەکانی ماد دەچنە ژێر دەسەڵاتی سەردارە ئاشووریەکە.ئەم مێژوونووسە لە لاپەڕەی 244ی هەمان کتێبدا لە پێڕێستی ناوەکاندا دەنووسی هار هار شارێکە لە باشووری زرێباردا.
دیاکۆنۆف سەبارەت بە پارسواش لە لاپەڕەی 238 ی کتێبی مێژووی ماد کە وەرگێڕانی بورهان قانێعە دەنووسێ:لە نووسراوەکانی زمانی(ئاشوور ناسیرپاڵ) شوێنی کیشوەری (پارسوا)یان بە بەشەکانی خوارووی کیشوەری (زاموا) ئەووت.دیاکۆنۆف هەروەها لە لاپەڕەی 236ی هەمان سەرچاوەدا سەبارەت بە زامواییەکان ڕووداوێک دەگێرێتەوە ودەنووسێ:
«لە دوای قەڵاچۆ کردنی میرنشینە بچووکەکانی دەرەوەی زاموا لە سەردەمی گرنگترین پادشای زاموایی دا،دەوڵەتێک هەبوو لە زاموای ناوخۆدا کە( نیک دیارا یان مەک تیارا ) سەرۆکایەتی ئەکرد.نیک دیارا دوژمن وناحەزی زۆر بوو.لە ساڵی 855ی پێش زایین دا لەشکەرچیەکانی ئاشوور (سالماناساری سێیەم یان شولمان _ ئاشارد)لە ڕێگای گەردەنەی (بونائیس)ەوە پەلاماری خاکی نیک دیارا ی دا،وە چۆن ئەیویست لە ڕێگای دەریاچەوە بە هۆی ئەو قەیاغانەوە کە لە لقی دار بییەکان درووست کرابوون لە دەستی ئاشووریەکان ڕابکات (سالماناسار) کەوتە شوێنی و لە دەریاچەکەدا لە گەڵیا کەوتە شەڕەوە.»دیاکۆنۆف لە خاڵی ژمارە 60ی پەراوێزی بەشی دووهەمی کتێبەکەیا بۆ ڕوونکردنەوەی زۆرتری ئەو باسە دەنووسێ:«بە وتەی (بیللربەک) کە (فورر)یش لایەنی گرتووە ئەم لێکدان و شەڕ و شۆڕە لە دەریاچەی بچووکی زرێبۆر Zeribor لە بەشی ژوورووی دیالە بووە ...مومکین نیە ...بێ گومان مەبەستی دەریاچەی ورمێ بووە...وە کەشتیە بچووکەکان بە دەریاچەی ناوبراودا رَۆیشتوون.»ڕەشیدی یاسەمی شارەزوور بە وڵاتی زاموا دەزانێ(کرد وپیوستگی...ێ 50 )
با لێرەدا هەڵوێستەیەک لە سەر ئەم ڕوون کردنەوەی دیاکۆنۆفە بکەین.بێ شک دیاکۆنۆف شارەزای جوغرافیای ناوچەکە نەبووە چوونکە ئەگەر بیزانیایەت کە لە دەوروپشتی دەریاچەی سوێری ورمێ قەت درەختی بیی سەوز نابێت هەتا خەڵک بە لقەکانی گەمیە و قەیاغ درووست بکەن ئەو هەڵەیەی نەدەکرد.هەروەها قەتیش ناوی دەریاچەی زرێباری نەبیستووە چوونکە ئەگەر بە دەریاچەی زرێباری بزانیایەت کە ئاوی شیرینی هەیە و زەل وقامیش و لەبان وداری بیی بە فراوانی دەوری گرتووە و ئەگەریش ئاشنای ناوەکەی بووایە هەرگیز زریبۆر ی (Zreibor) کە شێوەی کۆن ودێرینی ناوی دەریاچەی زرێبارە لە گەڵ دەریاچەی ورمێ لێ نەدەگۆڕدرا.پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین هەتا چل پەنجا ساڵ لەوە پێشیش خەڵکی گوندەکانی دەوروپشتی ئەم دەریاچە بە زەل و قامیش و تووڵی بیی قەراخ زرێبار قەیاغی بچووکیان درووست دەکرد و بەسەر زرێباردا دەگەڕان و ئەم بەر و ئەو بەریان پێ دەکرد.
بەڵام سەبارەت بە ئاتلیلا ڕەشیدی یاسەمی لە لاپەڕەی 49ی کتێبی (کرد و پیوستگی های نژادی وتاریخی ) دەنووسێ:لە سەردەمی پادشایی ئاشوور ناسیرپاڵ(860 _ 885 پێش زایین)دا کوێستانەکانی هەورامان داگیر دەکەن و لە جێگای شاری کۆنی ئاتلیلا دا کە بۆ دەوڵەتی ئاشوور هەماری گەورەی خەلە بووە شارێکی تازە ساز دەکات و ناوی دەنێ دوورئاشوور و ئەوێ دەکات بە ناوەندی حوکمڕانی کردن بە سەر ناوچە تازە داگیر کراوەکەدا.
دیاکۆنۆفیش سەبارەت بە ئاتلیلا دەنووسێ:«ئاشوور ناسیراپاڵ لە خەڵکی زاموا ناڕازی دەبێ هەر بۆیە قەڵای ئاتلیل دەگرێت و تازەی دەکاتەوە و دەیکا بە مەرکەزی کۆکردنەوەی ماڵیات و باج وخەراجی وڵاتە تازە دامەزراوەکان و هەماری ئاڵف و زەخیرە بۆ لەشکرکێشیەکانی داهاتووی خۆی بۆ لای ڕۆژهەڵات.(میدیا.دیاکۆنۆف.وەرگێڕانی بورهان قانێع.ل234 )
کە وایە بە پێی ئەم باسە مێژووییانە لەم ناوچەیەدا لە سەردەمی کۆنی پێش زاییندا نە تەنیا شار بووە بەڵکوو هێندە گرنگ بووە کە کراوە بە ناوەندی فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتیش ، واتە ساتراپ نشین بووە.
ب_ فەیلەقووس: لە ئەفسانەی زرێباردا وتراوە زرێبار پێشتر شاری فەیلەقووس بووە.هەر وەک دەزانین فەیلەقووس شێوە کوردانەکەی وشەی بە عەرەبی کراوی فیلیفووسە کە لە ئەسڵدا وشەی یۆنانی فیلیپووس بووە.فەیلەقووس ناوی دامەزرێنەری سلسلەی مەقدوونیەکان بووە. هەروەها ناوی باوەپیارە و مامۆستای ئەسکەندەری داگیرکەر،و هەروەها نازناوی ئانتیخووسی سێهەم پادشای سلووکیەکانیش هەر فەیلەقووس بووە.کێوێکی بەرز لەلای رۆژهەڵاتی باکووری زرێباردایە کە بە بەرزترین لووتکەکەی دەڵێن قەڵای فەیلەقووس.بێشک ئەم ناوە وچەندین ناوی تری وەک پێلە ،سەڵەسی و بێلوو کە لەم ناوچەیەدا هەن یۆنانین. ئەو ناوانە ئاماژەیەکن بە بوونی یۆنانیەکان لە کوردستان و دەمانخاتەوە بیری هێرش و تاڵانی ئەو داگیرکەرانە. هەر وەها ئەو ناوانە ئاشکرای دەکەن کە یۆنانیەکان ماوەیەکی زۆر لەم ناوچەیەدا دەسەڵاتداریان کردووە و وەک هەموو داگیرکەرەکان فەرهەنگی خۆیان سەپاندووە بە سەر خەڵکدا . هەروەها مامۆستا ئەمین زەکی بەگیش لە لاپەڕەی 113ی کتێبی کورد وکوردستاندا دەنووسێ:«لە دوای مردنی ئەسکەندەری مەقدوونی وڵاتی کوردان کەوتووەتە ناو بەشی سەلەئوقووس کە یەکێ بووە لە قۆماندان و وارسەکانی ئەسکەندەر(323 پ.ز) و سەد ساڵێک بە دەستیەوە ما...». هەروەک دەبینین چەن بەش لە وشەی فەیلەقووس لە ناوی سەلەئوقووس دا هەر بەو شێوەیە کە مامۆستا ئەمین زەکی بەگ تۆماری کردووە دەبینرێ. کە وایە ئەگەر لە سێ گۆشەی شارەزوور، هەورامان، زرێباردا شار یان ناوەندێکی دەسەڵات بووبێ بێ گومان لە کاتی هێرشی سپای یۆنان دا داگیر کراوە و دیسان ڕەونەقی پێ دراوە و کراوەتەوە بە ناوەندی دەسەڵات و لەوێوە حوکمڕانیان کردووە و ناوی شاری فەیلەقووسیش دەگەڕەێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.
ج _ مەجووسی:دەروێشی مەجووسی و شاری مەجووسی ئاماژەیەکە بە ئایینی دانیشتوانی ئەم هەرێمە پێش لە هاتنی ئیسلام .بۆ وێنە مامۆستا ناری بە پێی ئەو باسەی کە لە داستان و ئەفسانەکاندا بیستوویەتی ئایینی خەڵکی شاری زرێبار بە مەجووسی ناو دەبات و لە بەشێ لەم تەرکیب بەندەدا دەڵێ :
ئەی خاکی وەتەن بۆچی نەما سەیر و سەفاکەت بۆ زێر و زەبەر بوو بە دەمێ قەسری وەفاکەت
... ... ...
سا بۆچی نەبێتۆ بە زرێباری مەجووسی
تا چێهرەیی تو دیدە نەبینێ بە عەبووسی
پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین خەڵکی ئەم ناوچەیە بەر لە ئایینی مەجووسی پەیرەویان لە ئایینی میترا دەکرد و مێهرپەرەست بوون.هەروەها نابێ لە بیریشمان بچێ کە لە زۆر جێگای ناوچەی مەریواندا بە سەدان هوومە دۆزراوەتەوە کە ئیسک و پرووسکی مردوو لە گەڵ کەل و پەل و سامانی تایبەت بەو مردووەی تیا بووە و ئەمەش ئاماژەیەکە بە باوەڕی خەڵکی ئەو سەردەمە کە مرۆڤــــ لە پاشە ڕۆژدا زیندوو دەبێتەوە و پێویستی بە شتەکانی خۆی دەبێ.
د_ زوڵم و زۆر:هەروەک وترا هەر لە کۆنەوە خەڵکی ئەم ناوچەیە بە درێژای ژیانیان لە ژێر زەبر و زەنگ و داگیرکەری و تاڵان وبڕین دا بوون .بێ شک هاتنی یەک لە دوای یەکی دەسەڵاتدارە داگیرکەر و زاڵمەکان بۆ ئەم هەرێمە و ئەم دەس و ئەودەس کردنی ئەم ناوەندی شارستانیەتە زەرەر وزیانێکی زۆری لە خەڵکی ناوچەکە داوە و کەوتوونەتە ژیر کوشت و بڕی فراوان و زوڵم و زۆریان لێ کراوە .ئەفسانەی زرێبار وەک ئاوێنەیەک باسی ڕابردووی تاڵی خەڵک دەکات و ناوەڕۆکەکەی هەم ئاواتی تیاچوون و ژێرئاو کەوتنی زاڵمان و داگیرکەرانی تیایە و هەمیش ناڕاستەوخۆ پەیام و هەڕەشەیەکە بۆ زاڵمان کە دەسەڵاتی ئەوان تا سەر نامێنێ و وەک دەسەڵاتدارانی پێشووی شاری ژێر ئاو دەسەڵات و زوڵم و زۆری ئەوانیش ئاقیبەت رۆژێ کۆتایی پێ دێ.
ئەنجام:
ئەم دەریاچەیە هەزاران ساڵە لە دەشتی مەریواندا بە ناوی زرێبار ناسراوە و گۆڕانی ناوەکەی بۆ هەر ناو و وشەیەکی تر کارێکی هەڵەیە و لە شێوە ڕەسەن و کۆنەکەی دوورمان دەخاتەوە.ئەفسانەی زرێبار ئاشکرای دەکات کە لە سەردەمی پێش زایین لەم ناوچەیەدا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ شار یان ناوەندێکی دەسەڵات بووە کە بە هۆی هەڵکەوتنی ئەو شارە لە سەر سنووری نێوان ئاشووریەکان و ماد و هاوپەیمانەکانی وەک مانایی و زامواییەکان چەندین جار کەوتووەتە دەس حکومەتە جۆراوجۆرەکانی ئەو سەردەمەوە و لە کاتی هاتنی یۆنانیەکانیش دا ماوەیەک لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بووە.ئەفسانی زرێبار و ناوی فەیلەقووس سەرەڕای ئەوەی ئاماژەیەکە بۆ ئەو ڕاستیە کە ئەم ناوچەیە لە کۆندا شار و ناوەندی دەسەڵات بووە ئەتوانێ پیشاندەری ڕق و قینی خەڵکیش بێ لە دەسەڵاتداریەتی زاڵمانە و سەرەڕۆیانەی یۆنانیەکان کە لە پاش فەوتان و نەمانیان ئەم ئەفسانەیان بۆ درووست کراوە و لە ناو خەڵک دا گێڕاویانەتەوە و سینگ بە سینگ هەتا ئەمڕۆ هاتووە.ئەم ئەفسانەیە نەفرەتێکە لە زاڵمان و هیوایەکی هەمیشەیشە لە دڵی مەزڵووماندا کە زوڵم وداگیرکاری هەتا سەر نامێنێ.هەروەها ئەم ئەفسانە ئەتوانێ وڵامی باو و باپیرانمان بێ بو پرسیاری چۆنیەتی درووست بوونی ئەم دیاردە سرووشتیە.
تەواو