17/05/2021
فەرمانگەی تێلگرافی خانەقین و چەند مێژووییەکی پەیوەست بە دامەزراندنی .
خەبات / سەربەست برزۆ
لە ساڵی 1864 هێڵی تێلگراف لە شاری بەغدا دامەزرا و دوای ماوەیەکی کورت هێڵەکە کەیاندرایە موسڵ و ، ساڵی 1865 هێڵی تێلگراف گەیاندرایە شاری خانەقین لە لایەن عوسمانییەکانەوە و ، خانویەکی بچوک لەنزیک ئەڵوەن کرایە فەرمانگەی یەکەم تێلگراف لە مێژووی شاری خانەقین و ، دواتر ئەو گەڕەکە بەخۆڕسک ناونرا تێلخانە بەحوکمی ئەوەی فەرمانگەی تێلگراف لەو گەڕەکەدا بوو هەتاوەکو ئەمڕۆش هەر بە تێلخانە ناوبانگە .
ساڵی 1865 مولیدەیەکی بچوکی بۆ دانرا کە بە شێوازی DC کارەبای دەدا کە دوای ماوەیەکی زۆر میری گۆڕی بۆ 110 واط ، ئەو مولیدەیە لەسەر ئەڵوەن بوو خاوەنی مولیدەکە ناوی شاوول دبی ( جولەکە ) بوو بریکارەکەشی ناوی سەلمان خدوری ( جولەکە ) بوو دوای ماوەیەک کردیانە چەند مولیدەیەک و کارەبایان دابەشی سەر چەند گەڕەکێک کرد و ، شوێنی مولیدەکان هەتا ماوەکی زۆر لەسەر ئەڵوەن بوو لە شوێنی ئێستای یەکێتی مامۆستایانی کوردستان .
فەرمانگەی تێگرافی خانەقین بەسترابوو بە هێڵی تێلگرافی ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق و یەکەم بەڕێوبەری ناوی قاسم حەقی بووە و خەڵکی هەولێر بووە . هەڵبەتە ئەو فەرمانگەیە تەنها میری سودی بینیوە بەڵام کارەباکە بەشێکی هاوڵاتیانی گەڕەکە نزیکەکان سودیان لێی بینیوە .
لە ساڵی 1919 و لەدوای تەواوبوونی حوکمی عوسمانی و سەرەتای سەردەمی ئینگلیز ، فەرمانگەی بەریدی خانەقین جگە لە تێل حەواڵەی پارەشیان دەکرد بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵات .
ساڵی 1932 ئامێری تەلەفۆن بۆ هاوڵاتیان هەبو کە بەکاری بهێنن وقسەی پێ بکەن و ، یەکەم مەئموری بەدالە لەو کاتە ناوی ( فەرەج محەمەد غەریب - ابو فرهاد ) بووە .
ساڵی 1933 رەشید اسماعیل فالح باجەڵان وەک یەکەم پۆستەچی لە بەریدی خانەقین دامەزرا . جگە لەوەی رەشید پۆستەچی پۆستە و نامەکانی دەگەیاندە شوێنی مەبەست بەڵام هەندێک و بەتایبەت ئەوانەی دەرەوەی وڵات کە زۆریان قوتابی بوون و بۆ خوێندن چوبوونە دەرەوەی وڵات بەشێوازێکی دیکە نامەکانیان دەناردەوە بۆ کەسوکاریان و ئەویش زۆری لە رێگەی رەشید پۆستەچی بووە ، بەڵام وەک دەگێڕنەوە کە خاڵۆ مەوزەڕ رەحمەتی دوکانەکەی ئەوەندە ناوبانگ بوو لە شەقامی پاتە ، مەوزەڕ یەکێک بووە لە کادرە دیارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوو ، ئەگەر لە درەوەی وڵات نامەیەکیان بناردایەتەوە بۆ کەسوکاریان لەسەری دەنوسرا ( العراق - دیالة - خانقين - موزر ) و ، دواتر کەسوکاریان ئەچوون نامەکانیان لەلای خاڵۆ مەوزەڕ دەبرد .